ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا چەند بڕیارێکى نوێى دەرکرد

In خوێــنــدن, ڕێنمایەکانی وەزارەت, سلایدەر

لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کە بە ئامادەبونى سەرجەم سەرۆک زانکۆکان بەڕێوەچو، چەند بڕیارێکى گرنگ و تایبەت بە کاندیدانى ماستەر و دکتۆرا و خوازیارانى نازناوى زانستى ده‌رچوو و، گفتوگۆش له‌باره‌ی خوێندنى ماستەر و دکتۆرا کرا، لەکۆى بڕیارەکانیشدا جەخت لە  کواڵێتى خوێندن و پێشخستنى ئاستى زانستى زانکۆکان کرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتى (٢١/٨/٢٠١٩) ئەنجومەنى وەزارەت کۆبونەوەى ژمارە (٤)ى ساڵى ٢٠١٩ى بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت و ئامادەبونى سەرجەم سەرۆک زانکۆکان ئەنجامدا.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، بەمەبەستى خستنەرووى دواین قۆناخەکانى ئامادەکردنى کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت بۆ سەرۆک زانکۆکان دوپاتیکردەوە ئەو پڕۆژانەى گرنگ و پێویست و ستراتیژین بۆ زانکۆکانتان بیکەن بە ئەولەویات، بۆ ئەمەش وتى: پەرەپێدان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانکۆکان لەڕوى کواڵێتى و فەراهەمکردنى ڕەهەندى نێودەوڵەتى و ڕەخساندنى دەرفەتى لەبار بۆ خوێندن و گەشەکردنى توێژینەوەى زانستى و گرنگیدان بە زانکۆ و پەیمانگەکان و پێداچونەوە بە کواڵێتى زانستیان و،  ڕیفۆرمى کارگێڕى و دارایى بکەن بە خاڵى سەرەکى بەرنامەى کار.

هه‌ر له‌و چواچێوه‌یه‌دا، د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین و سەرۆکى لێژنەى ئامادەکردنى کارنامەى وەزارەت، لە وتەیەکدا ئاماژەى بە کۆبونەوەى لێژنەکەیان لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرى زانکۆکان و شارەزایان و ئەکادیمیستان و مامۆستایانى زانکۆ کرد، کە بەمەبەستى ئامادەکردن و دەوڵەمەندکردنى کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا لەماوەى ڕابردوو هەوڵى زۆریان داوە. بۆ ئەمەش بڕیاردرا ئەو فۆڕمانەى لەلایەن فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچون ئامادەکراوە و بۆ زانکۆکان نێردراوە، پێویستە لەسەرەتاى هەفتەى داهاتو بۆ لێژنە بگەڕێندرێتەوە بۆ ئه‌وه‌ی پوخت بکرێته‌وه‌ بۆ پێشکەش کردن.

بڕیارەکانى ئەنجومەنى وەزارەت:

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت چەند ڕاسپاردەیەکى تر گفتوگۆیان لەبارەوە کراو بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا لەوانە:

  • کاندیدانى ماستەر و دکتۆرا، کە تا ئێستا ماونەتەوە و، مەرجى توانستى زمانیان بەدەستنەهێناوە، ڕێگەیان پێدەدرێت دەست بکەن بە کۆرسى ئەکادیمى، لە هەمان کاتدا بەردەوام بن لە کۆرسەکانى زمان لە سەرجەم سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى هەرێم بەهەمان ستانداردەکانى پێشوو، کە لە ڕێنماییەکاندا هاتوە، بەمەرجێک تاقیکردنەوەى کۆتایى بە شێوەیەکى مەرکەزى و بەسەرپەرشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجام دەدرێت و، دواتر ڕێنمایى نوێى تایبەت بۆ ئەم مەبەستە بۆ ساڵى ئەکادیمى (٢٠١٩-٢٠٢٠) دەردەچێت.
  • سەبارەت بە و کاندیدانەى کە ئێستا بەردەوامن و بەشدار دەبن لە تاقیکردنەوەى ئیمیدیست، لە دواى ڕێکەوتى (24/8/2019) پاڵپشت بە ئەنجامى تاقیکردنەوەکان دەگەڕێنەوە سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى خۆیان.
  • سەبارەت بە داواکارانى نازناوى زانستى، سێنتەرەکانى زمان ڕاسپێردران بۆ ئامادەکردنى پێشنیاز و چارەسەرى تایبەت بە پرسى زمانى ئینگلیزى بەهۆى ئەوەى داواکارانى نازناوى زانستى کەیسى جیایان تێدایە کە پێویستیان بە دیراسەیە.
  • لە داهاتوودا ستراتیژیەتى وەزارەت ئەوەیە، سێنتەرەکانى زمان ڕادەسپێردرێن ڕێنمایى تایبەت بە زمانى ئینگلیزى دابڕێژن بۆ ئەوەى لەمەودوا ڕەچاوبکرێت، کە ئەمەش دەبێـە هۆکارێک بۆ پێشخستن و ئەکتیڤکردنى سەرجەم سێنتەرەکانى زمان.
  • لەم خاڵانەى سەرەوەدا ڕەچاوى ئەوە دەکرێت، کە ئەم پرۆسانە گەرەنتی دەبن بۆ پاراستنى کواڵێتى زمانى ئینگلیزى.
  • سەبارەت بە داواكاری خوێندكاران/قوتابیانی دكتۆرا، ئەوانەى کە سەرجەم مەرجەکانی بەدەستهێنانى بڕوانامەیان تێدایە، تەنها مەرجى  توانستى زمانى ئینگلیزییان نیە، دەتوانێت گفتوگۆى تێزى دکتۆراکەى بکات، بەڵام بڕوانامەى پێ نابەخشرێت، تاکو بەدەستهێنانى مەرجى زمان.
  • لەبارەى خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان: ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا لە کۆبونەوەى لێژنەى باڵاى خوێندنى باڵا، کە لێژنەکە لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرۆکایەتى دەکرێت و هەریەک لە یاریدەدەرى سەرۆک زانکۆکان بۆ کاروبارى زانستی تیایدا ئەندامن، دیراسەى ئامادەکردنى ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا دەکرێت، دواتر ڕەوانەى ئەنجومەنى وەزارەت دەکرێت بۆ پەسەندکردن.
  • سەبارەت بە پلانی وەرگرتنی خوێندكاران/ قوتابیانى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا پێداچونەوە بە پلانەکان بکرێت و هەفتەى داهاتو بگەڕێندرێتەوە بۆ وەزارەت تاکو پەسەند بکرێت.
  • بۆ پێدانی نازناوی زانستی بۆ ئەوانەی كۆنمرەی بەکالۆریۆسیان لە %60 كەمترە، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا دواى بە دەستهێنانى بڕوانامەى ماستەر و بەدەستهێنانى سەرجەم مەرجەکانى نازناوى زانستى و بڵاوکردنەوەى دوو توێژینەوە، نازناویان پێدەدرێت بەمەرجێک پێنج ساڵ خزمەت بکەن لە زانکۆکانى دەرەوەى شارە گەورەکان، جگە لە زانکۆکانى (سەڵاحەدین  سلێمانى – دهۆک). دواتریش بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن وەزارەتەوە گشتاندنێک ئاراستەى زانکۆکان دەکرێت.
  • لەسەر داواى خۆیان و، لەچوارچێوەى یاساو ڕێنماییەکان، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا بە ناساندنى زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی وەک زانکۆیەکى قازانج نەویست.

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، هەریەک لە سەرۆک زانکۆکان ڕاو پێشنیازى خۆیان لەبارەى خاڵەکانى ترى کۆبونەوەکە خستەڕوو کە پەیوەست بون بە پرس و بابەتەکانى وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی.

Join Our Newsletter!

Love Daynight? We love to tell you about our new stuff. Subscribe to newsletter!

بابەتی پەیوەندی دار

سکۆلەرشیپی ژاپۆن (MEXT)

سکۆلەرشیپی مۆنبۆکاکوشۆی ژاپۆنی ( Monbokakusho Japan) یەکێکە لە باشترین سکۆلەرشیپەکانی ژاپۆن کە ساڵانە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە، ڕۆشنبیری، پەروەردەی جەستەیی،

Read More...

سکۆلەرشیپی ئەمریکا

ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا بۆ ساڵی 2024، بەرنامەى فول برایت بۆ خوازیارانى خوێندنى بەرنامەى ماستەر لە سەرتاسەرى عێراق لە بوارى

Read More...

ڤیزای بەریتانیا

‎ئێستا لە موکریان تراڤڵ ئەتوانن ببنە خاوەنی ڤیزای بەریتانیا لە ماوەی (45)ڕۆژدا ‎ئەو ئازیزانەی کە خوازیاری وڵاتی بەریتانیان ئێستا ئەتوانن لە

Read More...

لێدوانت بنووسە:

Mobile Sliding Menu